پەژاک: هێرشەکانی فاشیسمی تورکیا پاکتاوکاری گەلی کوردە

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەبارەی هێرشەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بۆ سەر باشووری کوردستان راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى پەژاکدا هاتووە "وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بە تێکڕایی و لە چوارچێوەی کۆنسێپت و پیلانی هاوبەشدا هێرشیان هێناوەتە سەر بزووتنەوەکانی ئازادیخوازی گەلی کورد و هەوڵی لەناوبردنیان داوە. ئەمجارەش بە هەمان شێوە دەبینین کە رۆحی هاوپەیمانە کۆنەکانی دژی گەلی کورد لە جەستەی پەیمانی نوێدا زیندوو دەکرێنەوە".

ئەوەشی تیادا هاتووە "بەشداری ئێران لەو پلانەدا مسۆگەرە. هەم بە شێوازی راستەوخۆ وەک تۆپباران کردن و هاوکاری لەبواری زانیاریدا و هەم لە بواری کردنەوەی دەروازەکانی ئاڵوگۆڕی ئابووری. هەڵبەت دۆخی گەمارۆی ئابووری سەر ئێران و گەڕانی بە شوێن دەرفەتێک بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان، زمینەخۆشکەرە بۆ هاوکاری ئێران لە پلانی پاکتاوکاری لەسەر گەلی کورد".

لە راگەیاندراوەکەى پەژاکدا ئەوەش هاتووە "هەرگیز نابێ لەبیر بکری کە قۆناغەکانی دوایی ئەو پلانە بە بزووتنەوەی ئاپۆییەوە سنووردار نامێنێ و داوێنی هەموو هێزە کوردییەکان و گەلی کورد دەگرێ. لەبەر ئەوەش بەشداری کردنی ‌هێندێ لایەنی بەکرێگراوی کورد و هێزی کوردستانی لەو پلانەدا، هەڵکەندنی گۆڕی خۆیانە بە دەستی خۆیان. واتە لەناوچوون یا پاکتاو کردنی پارتی کرێکارانی کوردستان و تەڤگەری ئاپۆیی لەناوبردنی خەتی خۆڕاگری و بەرخۆدانە و بە گشتی توانەوەی گەلی کوردە".

لە بەشێکى تری راگەیاندراوەکەى پەژاک هاتووە "پەژاک داوا دەکات لەو هێز و لایەنانەی کە جێگە دەگرن لەو پلانە قیزەونە‌ی داگیرکەراندا، پێداچوونەوە بکەن بە ئاکاریاندا و دەست لە بەکرێگیراوی هەڵگرن و بێنە بەرەی گەلەوە. لەو قۆناغەدا زیاتر لە هەموو لایەنەکان، گەلەکەمان لە هەر چوارپارچەی کوردستان پێویستە وەک هەمیشە هەڵوێستی بەرزەی نەتەوەیی نیشان بدا و شەقامەکان بکەنە مەیدانی خۆپێشاندان".

هێرشەکانی فاشیسمی تورکیا، پاکتاوکاری گەلی کوردە

هێرشێکی بەرفراوان لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە بە رێکەوتن لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و هێندێ لایەنی بەکرێگیراوی کوردستانی دەکرێتە سەر گەلەکەمان. شاڵاوێکی نوێی پاکتاوکاری لە شەنگال و باشووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستی پێکردووە. بێ‌گومان ئەو هێرشانە لە چوارچێوەی کۆنسێپت و پلانێکی چەندلایەنە و جیهانیدا بەڕێوەدەچێ. هێرش بۆ سەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد بە ئامانجی سڕینەوە و لەناوبردنێتی و تەنیا بۆ سەر لایەنێک یا خۆد تەڤگەرێک نییە. هەڵبەت ئەگەر بە وشیاریەوە هەڵس‌وکەوت نەکرێت، ئەو بابەتە دەتوانێ ببێتە سەرەتایەک بۆ شاڵاوێکی هەمەگیرتر لە گشتی کوردستاندا.

بەردەوام لە مێژووی تێکۆشانی گەلی کورددا، کە گەلەکەمان نزیکی ئازادی و ئامانجەکانی بووتەوە، وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بە تێکڕایی و لە چوارچێوەی کۆنسێپت و پیلانی هاوبەشدا هێرشیان هێناوەتە سەر بزووتنەوەکانی ئازادیخوازی گەلی کورد و هەوڵی لەناوبردنیان داوە. ئەمجارەش بە هەمان شێوە دەبینین کە رۆحی هاوپەیمانە کۆنەکانی دژی گەلی کورد لە جەستەی پەیمانی نوێدا زیندوو دەکرێنەوە. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، خاوەن پرۆژەی نوێ‌عوسمانیگەریە لە هەرێمەکەدا و بە شوێن گەڕانەوەیە بۆ سنوورەکانی میساقی میللی لە هەنگاوی یەکەمدا و پاشان گەڕانەوەیە بۆ دەسەڵاتی سەردەمی خەلافەتی عوسمانی و داژداری جیهانی ئیسلام. ئەو پرۆژیە بە هاتنە سەرکاری ئاکەپەوە دەستی پێکردووە و سەرەتا بە قۆرغکردنی دەسەڵات لە تورکیادا وەرێکەوت و ئێستا لە ئاستی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەدەستێنێ. نەبوونی هیچ جۆرە پرۆژەیەکی چارەسەرکەر لە لایەن هێزە هژمۆنەکانی جیهانی و ناکۆکی نێوانیان لەسەر دیزاینی نوێی هەرێمەکە، ئەو دەرفەتەی بە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان وەک تورکیا داوە کە هاوتەریب لە تەک پرۆژەکانی ئەوان، پلان و بەرنامەکانی سەرەڕۆیانەی خۆی بخاتە گەر و بێ هیچ بەربەستێک درێژە بە کاولکارییەکانی بدات.

جێگای ئاماژەیە کە تورکیا لە دۆخی ئێستادا وەک بەڕێوەبەر و کاربەڕێکەری پەرگالی جیهانی و ناتۆیە لە هەرێمەکەدا. لە هەموو بوارێکدا لە لایەن ئەو هێزانەوە پاڵپشتی دەکرێ و ئێمکان و دەرفەتی بۆ فەراهەم دەکرێت. بە مەرجێک کە پێشی لە زیادەخوازییەکانی رووسیا و لە ئاستێکی بەرین‌تردا پەیمانی شانگهای بگڕێ. ئەو راستیە نابێ لەبیر بکەین کە دۆخی لاوازی ئابووری تورکیادا بێ یارمەتی و هاوکاری بەرەی رۆژئاوا بەڕێوەبردنی ئەو پلانە مومکین نییە.

هەر وەک دەزانرێ پێش دەسپێکردنی ئەو هێرشانە ترافیکێکی دیپلماسی لە ئاستی هەرێمەکەدا بەڕێوەچوو. هەم لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەمەر هەبوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پ.ک.ک لە خاکی ئێراند و هەم چاوپێکەوتنی تاران و ئانکارا لە ئاستی وەزیرانی دەرەوەدا. لە هەمان کاتدا و پێش لەو دیدارە، سەردانی رایەداری میت هاکان فیدان بۆ بەغدا و چاوپێکەوتنی لەتەک کازمی بێ‌گومان بە ڕێکەوت نین. دیارە دەبێ بە سەر ئەوانەوە کەمپەینی شەڕی تایبەت لە هەمبەری تەڤگەری ئاپۆیی کە ماوەیەکی درێژە دەستی پێکردووە زیاد بکەین. هەمووی ئەوانه‌ نیشاندەری ئەوەن کە پلانێکی یەکجار بەرفراوان و لە ئاستی جیهانیدا لەسەر تەڤگەری ئاپۆیی بەڕێوەدەچێ. بەشداری ئێران لەو پلانەدا مسۆگەرە. هەم بە شێوازی راستەوخۆ وەک تۆپباران کردن و هاوکاری لەبواری زانیاریدا و هەم لە بواری کردنەوەی دەروازەکانی ئاڵوگۆڕی ئابووری. هەڵبەت دۆخی گەمارۆی ئابووری سەر ئێران و گەڕانی بە شوێن دەرفەتێک بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان، زمینەخۆشکەرە بۆ هاوکاری ئێران لە پلانی پاکتاوکاری لەسەر گەلی کورد.

دەبێ کە قۆناغی یەکەمی ئەو پلانە ئاراستەکەی لە پ.ک.ک بێ. چونکە پ.ک.ک لەو چەند ساڵەی رابردوودا هەم بە تێکۆشانی دیمۆکراتیک لە ئاستی تورکیادا و هەم بە بەڕێوەبردنی جەنگی گەریلایی له‌ سەدەی بیست‌ویەکەمدا؛ کۆسپ و لەمپەری هەری مەزنی لە پێش خەونەکانی داگیرکەری ئاکەپە داناو و لە هەمان کاتدا پەردەی لەسەر شانۆگەرییەکانی ئەو وڵاتە لادا. هەروەها لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە پێشکەش کردنی مۆدێلی کۆنفێدرالیسمی دیمۆکراتیک و پێکەوەژیانی گەلان خەتی(هێڵی) سێیەمی بەرجەستە کردوە.  ئەوەش بووەتە جێگای کین و تووڕەیی وڵاتانی رۆژئاوا و مسۆگەر بەشداریان لە پلانی لەناوبردنی بزووتنەوەی گەلی کورد. هەڵبەت لە روانگەی ئەوان هیچ هێزێک بۆی نییە کە بەدەر لە پرۆژە و پلانی ئەوان بجووڵێتەوە. هەرگیز نابێ لەبیر بکری کە قۆناغەکانی دوایی ئەو پلانە بە بزووتنەوەی ئاپۆییەوە سنووردار نامێنێ و داوێنی هەموو هێزە کوردییەکان و گەلی کورد دەگرێ. لەبەر ئەوەش بەشداری کردنی ‌هێندێ لایەنی بەکرێگراوی کورد و هێزی کوردستانی لەو پلانەدا، هەڵکەندنی گۆڕی خۆیانە بە دەستی خۆیان. واتە لەناوچوون یا پاکتاو کردنی پارتی کرێکارانی کوردستان و تەڤگەری ئاپۆیی لەناوبردنی خەتی خۆڕاگری و بەرخۆدانە و بە گشتی توانەوەی گەلی کوردە. بۆ وڵاتانی رۆژئاوا پێکانی دوو نیشانە بە تیرێک. هەم بەڕێوەچوونی پرۆژەکانیان بە دەستی تورکیا و هەم لەناوبردنی خەتی بەرخۆدان لە هەرێمەکەدا. کە بووەتە جێگای ئۆمێد و فێرگەی شۆڕش بۆ گەلانی چەوساوە و بن‌دەستی جێهان. جێگای ئاماژەیە کە گەریلا لاپەڕەی زێڕینی لە بەرخۆدان تۆمار کردووە. بە دەیان جار هێرشەکانی هاوشێوەی تێکبردووە. بۆتە جێگای متمانە و پشت‌ئەستووری بۆ گەلەکەمان و بە مانای راستەقینە هێزی پاراستنی گەلی کوردە. لەو دۆخەدا بێگومان گریلا جارێکی دیکە بە پاڵپشتی گەل ئەرتەشی تورک و هێزی پیلانگێر بە چۆک دادێنێ.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان کە بۆ خۆی بەردەوام بووەتە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هەری دوایی شەهادەتی هەڤاڵانمان لە ئاسۆس سەلمێنەری ئەو بابەتەیە؛ بە وردی چاوەدێری دۆخەکە دەکات و وێڕای شەرمەزار کردنی ئەو هێرشە دڕندانەیە بۆسەر گەلەکەمان بە تایبەت گەلی ئێزیدی کە دەکرێ وەک فەرمانێکی نوێ بەناو بکرێ، خۆی بۆ هەموو جۆرە پێشهاتێک ئامادە دەکات. هەموو هێز و توانای بۆ بەرپرچدانەوەی ئەو هێرشانە لە بواری رێکخستنی و سیاسی دەخاتە گەڕ. لەهەمان کاتدا داودەکات لە هەموو پارت و رێکخراوە کوردستانیەکان کە بێ‌دەنگ نەبن لەهەمبەر ئەو هێرشانە و هەڵوێستی کرداریان هەبێت سەبارەت بەو قەیرانەی کە دەستکەوتەکانی گەلەکەمان دەخاتە مەترسی لەناوچوونەوە. هەروەها لە هەموو چالاکانی مافی مرۆڤ و ئاشتی دەخوازێ کە بۆ راوەستاندنی ئەو ئاگری شەڕە تێکۆشان بکەن. پژاک داوا دەکات لەو هێز و لایەنانەی کە جێگە دەگرن لەو پلانە قیزەونە‌ی داگیرکەراندا، پێداچوونەوە بکەن بە ئاکاریاندا و دەست لە بەکرێگیراوی هەڵگرن و بێنە بەرەی گەلەوە. لەو قۆناغەدا زیاتر لە هەموو لایەنەکان، گەلەکەمان لە هەر چوارپارچەی کوردستان پێویستە وەک هەمیشە هەڵوێستی بەرزەی نەتەوەیی نیشان بدا و شەقامەکان بکەنە مەیدانی خۆپێشاندان.

لە کۆتاییدا جارێکی‌‌تر ئەو هێرشە فاشیستیانەی دەوڵەتی تورکیا و بەڕێوەبەرانی ئەو پیلانگێڕییە و بەشدارانی جیهانی و هەرێمی و کوردستانی  شەرمەزار و ئیدانە دەکەین.

ژ.ت